زانیاریی ناڕاست

وردەکارییەکانی سیاسەت

گۆڕینی تۆمار
پاساوی ڕێسا
زانیاریی ناڕاست جیاوازە لە هەر جۆرێکی دیکەی قسە کە لە پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەماندا باس کراوە چونکە هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ئامادەکردنی لیستێکی گشتگیر بۆ ئەو شتانەی قەدەغەن. بۆ نموونە، بۆ توندوتیژیی تۆقێنەر و ڕەفتاری ڕقئامێز، سیاسەتەکانمان ئەو ناوەڕۆکانە دیاریی دەکەن کە ئێمەی قەدەغەی دەکەین، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە ناکۆکن لەگەڵ ئەو سیاسەتانەدا دەتوانن شوێنیان بکەون. بەڵام بۆ زانیاریی ناڕاست، ناتوانێت هێڵێکی لەو شێوەیە دیاری بکەین. جیهان بەردەوام لە گۆڕاندایە، ئەوەی ئێستا ڕاستە ڕەنگە دوای خولەکێکی دیکە ڕاست نەبێت. هەروەها خەڵکیش بە ئاستی جیاواز زانیارییان هەیە لەبارەی جیهانی دەوروبەریان، بۆیە ڕەنگە باوەڕیان وابێت شتێک ڕاستە بەڵام ڕاستیش نەبێت. سیاسەتێک کە بە سانایی «زانیاریی ناڕاست» قەدەغە بکات، هۆشدارنامەیەکی سوودبەخش بۆ ئەو کەسانە فەراهەم ناکات کە خزمەتگوزارییەکانمان بەکار دەهێنن و جێبەجێ ناکرێن، چونکە ئێمە دەستگەیشتنی بێخەوشمان بۆ زانیارییەکان نییە.
لەبری ئەوە، سیاسەتەکانمان پۆلێنە جیاوازەکانی زانیاریی ناڕاست ڕوون دەکاتەوە و هەوڵ دەدات ڕێبەرییەکی ڕوون دابین بکات لەبارەی ئەوەی ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو قسەیەدا دەکەین کاتێک دەیبینین. بۆ هەر پۆلێنێک، شێوازەکەمان ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانمانە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی بەهاکانی ڕادەربڕین، سەلامەتی، کەرامەت، متمانەپێکراوی و تایبەتمەندێتی.
ئێمە زانیاریی ناڕاست لەو شوێنە لادەبەین کە ئەگەری ئەوەی هەیە بەشداریی ڕاستەوخۆ بکات لە مەترسیی زیانێکی جەستەیی کە خەریکە ڕوو بدات. هەروەها ئێمە ئەو ناوەڕۆکە لادەبەین کە ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ بەشداری بکات لە دەستێوەردان لە کارکردنی پڕۆسە سیاسییەکاندا. بۆ دیاریکردنی ئەوەی چ شتێک زانیاریی ناڕاست دەخاتە ئەو هاوپۆلانەوە، ئێمە هاوبەشی لەگەڵ پسپۆڕە سەربەخۆکان دەکەین کە خاوەنی زانیاری و شارەزایین بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاستیی ناوەڕۆکەکە و ئەوەی ئاخۆ ئەگەر هەیە بەشداریی ڕاستەوخۆ بکات لە مەترسیی زیانێکی جەستەیی کە خەریکە ڕوو دەدات. بۆ نموونە، ئەمە هاوبەشیکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەگرێتەوە کە ئامادەییان لەناو خاکی وڵاتێکدا هەیە بۆ دیاریکردنی ڕاستی و دروستیی دەنگۆیەک دەربارەی ململانێی ناوخۆیی.
بۆ هەموو زانیاریی ناڕاستەکانی دیکە، ئێمە تیشک دەخەینە سەر کەمکردنەوەی تەشەنەکردنی یان دروستکردنی ژینگەیەک کە پەرە بە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بدات. ئێمە دەزانین زۆرجار خەڵک زانیاریی ناڕاست بە شێوازێکی بێ زیان بەکار دەهێنن، بۆ نموونە بۆ زیادەڕەویکردن لە شتێکدا («ئەم یانەیە خاوەنی خراپترین تۆمارە لە مێژووی وەرزشدا») یان بە شێوازێکی گاڵتە یان تەنزئامێز («هاوژینەکەم بووە براوەی باشترین هاوژینی ساڵ.») هەروەها ڕەنگە باس لە ئەزموونی خۆیان بکەن لەڕێی چیرۆکگەلێکەوە کە زانیاریی چەوتی تێدا بێت. لە هەندێک حاڵەتدا، خەڵک بیروڕای کەسیی بڵاو دەکەنەوە کە زۆر باوەڕیان پێیانە و ئەوانی تر پێیان وایە ناڕاستە، یان زانیاری بڵاو دەکەنەوە کە باوەڕیان وایە ڕاستە بەڵام کەسانی دیکە پێیان وایە ناتەواو یان بەلاڕێدابەرە.
بە ناسینەوەی کە ئەم جۆرە قسەکردنە چەندێک بەربڵاوە، ئێمە تیشک دەخەیەنە سەر دابینکردنی زانیاریی بەسوود بۆ خەڵک، لەو کاتانەدا کە ئەگەری هەبوونی ناوەڕۆکی بەلاڕێدابەر یان سەرلێشێوێن هەبێت. وەک بەشێک لەو هەوڵە، ئێمە لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هاوبەشی دەکەین لەگەڵ ڕێکخراوەکانی پشکنینی ڕاستییەکان لەلایەن لایەنی سێیەمەوە بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی دروستیی ناوەڕۆکە زۆر بەربڵاوەکان لەسەر پلاتفۆڕمەکانمان (بڕوانە ئێرە و ئێرە بۆ چۆنیەتی کارکردنی ئێمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان). پڕۆگرامی تێبینییەکانی کۆمەڵگە کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەستی پێ کرد، ڕێگە بە خەڵک دەدات کە سیاقی زیاتر بۆ پۆستەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و Threads زیاد بکەن کە ئەگەری هەیە بەلاڕێدابەر یان سەرلێشێوێن بن (بڕوانە ئێرە). هەروەها ئێمە سەرچاوە دابین دەکەین بۆ زیاد کردنی هۆشیاریی میدیایی و دیجیتاڵی، تاکو خەڵک بتوانن خۆیان بڕیار بدەن کە چی بخوێننەوە، متمانە بە چی بکەن و چی هاوبەش بکەن. ئێمە داوا لە خەڵک دەکەین، بە بەکارهێنانی ئامڕازی ئاشکراکردنی ژیریی دەستکردی ئێمە، هەرکاتێک ناوەڕۆکێکی ڕەسەنیان پۆست کرد بە ڤیدیۆی فۆتۆڕیاڵیستی یان دەنگی ڕیاڵیستی کە بە شێوەی دیجیتاڵی دروست کراوە یان شێوێندراوە، ئاشکرای بکەن، هەروەها ڕەنگە ئێمە سزا بسەپێنین ئەگەر ئەو کارەیان ئەنجام نەدا. هەروەها ڕەنگە نیشانە زیاد بکەین بۆ ئەو ناوەڕۆکانەی بە شێوەی دیجیتاڵی دروست کرابن یان دەستکاری کرابن کە ناوەڕۆکێک دروست بکات مەترسیی زۆری هەبێت خەڵک بەلاڕێدابەرێت لەسەر پرسێکی گرنگ بۆ ڕای گشتی.
لە کۆتاییشدا، ئێمە ئەو ناوەڕۆک و هەڵسوکەوتانەش قەدەغە دەکەین کە لە بوارەکانی دیکەدا زۆر جار بەیەکدا دەچن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاستدا. بۆ نموونە، پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمان هەژماری ساختە، فێڵکردن و ڕەفتاری ناپەسەندی ڕێکخراو قەدەغە دەکات.
بەو پێیەی ژینگەی سەرهێڵ و دەرهێڵ لە گۆڕاندان و بەرەوپێش دەچن، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرەوپێشبردنی ئەم سیاسەتانە. ئەو هەژمارانەی بە شێوەیەکی دووبارە ئەو زانیارییە ناڕاستانە بڵاو دەکەنەوە کە لە خوارەوە ڕیز کراون، سەرەڕای سەپاندن بەسەر ناوەڕۆکەکانیاندا بەگوێرەی ئەم سیاسەتە، بابەتەکانیان کەمتر بڵاو دەکرێنەوە، توانایان بۆ ڕیکلامکردن سنووردار دەکرێت، یاخود لە پلاتفۆڕمەکانمان لادەبرێن. زانیاریی زیاتر لەبارەی ئەوەی چی ڕوو دەدات کاتێک Meta ناوەڕۆکێک لا دەبات، لێرەدا ببینە.
ڕێبەرییەکان
ئەو زانیارییە ناڕاستانەی ئێمە لایان دەبەین:
ئێمە ئەم جۆرانەی خوارەوەی زانیاریی ناڕاست لادەبەین:
I. زیانی جەستەیی یان توندوتیژی
ئێمە ئەو زانیارییە ناڕاست و دەنگۆ پشتڕاستنەکراوانە لادەبەین کە هاوبەشە پسپۆڕەکان دیاریی دەکەن ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ بەشداری بکەن لە مەترسیی توندوتیژیی دەستبەجێ یان زیانی جەستەیی بۆ هاوڵاتیان. ئێمە زانیاریی ناڕاست وەها پێناسە دەکەین کە ناوەڕۆکێکە بانگەشەیەکی تێدایە کە بە ناڕاست دیاری دەکرێت لە لایەن لایەنێکی سێیەمی فەرمییەوە. ئێمە دەنگۆی پشتڕاستنەکراوە وەها پێناسە دەکەین بانگەشەیەکە کە هاوبەشە پسپۆڕەکان دەڵێن ئێجگار قورسە یان ئەستەمە بەدواداچوونی بۆ بکرێت، کە تێیدا سەرچاوە فەرمییەکان ونن، هەروەها تایبەتمەندیی پێویست بۆ بانگەشەکە لەبەردەست نییە تا پووچەڵ بکرێتەوە، یاخود بانگەشەکە باوەڕی پێ ناکرێت یان زۆر نا لۆژیکییە بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بکرێت.
ئێمە دەزانین هەندێک جار ئەو زانیارییە ناڕاستانەی کە ڕەنگە بێخەوش دەربکەون، ڕەنگە لە سیاقێکی دیاریکراودا سەربکێشن بۆ توندوتیژیی دەرهێڵ، لە نێویاندا هەڕەشەی توندوتیژی کە دەشێت بەشداری بکات لە مەترسیی زۆری مردن، برینداربوونی مەترسیدار، یان زیانە جەستەییەکانی دیکە. ئێمە لەگەڵ تۆڕێکی جیهانیی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، ڕێکخراوە قازانج نەویستەکان، ڕێکخراوە مرۆییەکان هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە خاوەنی کەسانی پسپۆڕن لەو داینەمیکە ناوخۆییانەدا، کار دەکەین.
لەو وڵاتانەی ڕووبەڕووی مەترسیی زۆری توندوتیژیی کۆمەڵگەیی دەبنەوە، ئێمە بە شێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکاندا کار دەکەین بۆ تێگەیشتن لەوەی کام بانگەشە نادروستە دەشێت ڕاستەوخۆ بەشداریی بکات لە مەترسیی زیانی جەستەیی دەستبەجێ. دواتر ئێمە کار دەکەین بۆ ناسینەوە و لابردنی ئەو ناوەڕۆکانەی ئەو بانگەشانەیان تێدایە لەسەر پلاتفۆڕمەکەمان. بۆ نموونە، بە ڕاوێژکردن لەگەڵ پسپۆڕە ناوخۆییەکاندا، ڕەنگە ئێمە ئەو فایلە میدیایانە لاببەین کە لە دەرەوەی سیاق بە شێوەیەکی نادروستانە بانگەشە بۆ پێشاندانی کاری توندوتیژی، قوربانییەکان یان بکەرانی توندوتیژی، چەک یاخود کەلوپەلی سەربازی دەکەن.
II. زانیاریی ناڕاستی زیانبەخشی تەندروستی
ئێمە ڕاوێژ لەگەڵ ڕێکخراوە پێشەنگەکانی بواری تەندروستی دەکەین بۆ ناسینەوەی ئەو زانیارییە ناڕاستانەی بواری تەندروستی کە ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ بەشداری بکات لە زیانی دەستبەجێ بۆ سەلامەتی و تەندروستیی گشتی. ئەو زانیارییە ناڕاستە زیانبەخشە تەندروستییانەی کە ئێمە لایان دەبەین ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
  • زانیاریی ناڕاست دەربارەی پێکوتە. بە شێوەیەکی سەرەکی ئێمە ئەو زانیارییە ناڕاستانە دەربارەی پێکوتە لادەبەین کە دەسەڵاتە تەندروستییە گشتییەکان دەگەنە ئەو دەرەنجامەی زانیارییەکە ناڕاستە و ئەگەری هەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری بکات لە ڕەتکردنەوەی دەستبەجێی پێکوتە. زانیارییە ناڕاستەکان ئەمانە دەگرێتەوە:
    • پێکوتەکان دەبنە هۆی ئۆتیزم (بۆ نموونە: «هۆکاری ئەوەی ژمارەیەکی زۆری منداڵان ئێستا ئۆتیزمیان هەیە، زۆربوونی پێکوتەکانە.»)
    • پێکوتەکان دەبنە هۆی مردنی لەناکاوی کۆرپە (بۆ نموونە: «نازانی کە پێکوتە دەبێتە هۆی مردنی لەناکاوی کۆرپە؟»)
    • پێکوتەکان دەبنە هۆی ئەو نەخۆشییانەی کە پێویستە ڕێگریی لێ بکەن، یاخود ئەو کەسەی پێکوتەکە وەردەگرێت ئەگەری زیاترە تووشی نەخۆشییەکە ببێت (بۆ نموونە: «لە ڕاستیدا وەرگرتنی پێکوتە وات لێ دەکات تووشی نەخۆشییەکە ببیت چونکە خۆی لە ناویدا نەخۆشییەکەی تێدایە. ئاگاداربە!»)
    • پێکوتە یان پێکهاتەکانی کوژەر، ژەهراوی، مەترسیدار، زیانبەخش یان مەترسیدارن (بۆ نموونە: «بەدڵنیاییەوە، دەتوانیت پێکەوتە وەربگریت، ئەگەر بۆت ئاسایی بێت ژەهر بکەیتە جەستەتەوە.»)
    • بەرگریی سروشتی سەلامەتترە لە بەرگریی بەدەستهاتوو لە ڕێی پێکەوتەوە (بۆ نموونە «سەلامەتترین ڕێگە ئەوەیە تووشی نەخۆشییەکە ببیت نەک پێکوتە وەرگریت.»)
    • وەرگرتنی چەند پێکوتەیەک لە ماوەیەکی کەمدا مەترسیدارە، تەنانەت گەر کاتەکەش لە ڕووی پزیشکییەوە پێشنیارکراو بێت. (بۆ نموونە «هەرگیز زیاد لە پێکوتەیەک لە هەمان کاتدا وەرمەگرە، ئەوە مەترسیدارە - بەلامەوە گرنگ نییە پزیشکەکەت چیت پێ دەڵێت!»)
    • پێکوتەکان کاریگەر نین لە ڕێگریکردن لەو نەخۆشیانەی کە بە مەبەستی پاراستن لێیان بەکاری دەهێنین. بەڵام، بۆ پێکوتەکانی کۆڤید-19، هەڵامەت و مەلاریا، ئێمە ئەو بانگەشانە لانابەین کە باس لەوە دەکەن ئەو پێکوتانە کاریگەر نین لە ڕێگریکردن لەوەی کەسێک تووشی ئەو ڤایرۆسانە ببێت. (بۆ نموونە: لا دەبرێت - «پێکوتەی ئیفلیجیی منداڵ هیچ سوودێکی نییە لە ڕێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشییەکەدا»؛ لا دەبرێت - «لە ڕاستیدا پێکوتەکان هیچ سوودێکیان نییە لە ڕێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشییەکاندا»؛ ڕێگەی پێ دەدرێت - «پێکوتە ناتپارێزێت لە تووشبوون بە کۆڤید-19، بۆیە هێشتا پێویستە دووریی کۆمەڵایەتی بپارێزیت و ماسک بەکار بهێنیت کاتێک لە دەوروبەری کەسانی دیکەیت.»)
    • تووشبوون بە سورێژە نابێتە هۆی مردن (پێویستی بە زانیاری و\یان سیاقی زیادەیە) (بۆ نموونە: «بێ خەم بە لەبارەی تووشبوون بە سورێژە، چونکە نابێتە هۆی مردن.»)
    • ڤیتامین C هێندەی پێکوتەکان کاریگەرە لە ڕێگریکردن لەو نەخۆشیانەی پێکوتەیان بۆ دروست کراوە.
  • زانیاریی ناڕاست دەربارەی تەندروستی لە کاتی دۆخە لەناکاوەکانی تەندروستیی گشتی. ئێمە ئەو زانیارییە ناڕاستانە دەربارەی تەندروستی لە کاتی دۆخە لە ناکاوەکانی تەندروستیی گشتی لا دەبەین کە دەسەڵاتە تەندروستییە گشتییەکان دەگەنە ئەو دەرەنجامەی زانیارییەکە ناڕاستە و ئەگەری هەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری بکات لە مەترسیی دەستبەجێی زیانی جەستەیی، لە نێویدا لە ڕێی بەشداریکردن لە مەترسیی ئەوەی تاکەکان تووشی نەخۆشییەکی زیانبەخش ببنەوە یان ئەو نەخۆشییە بڵاو بکەنەوە، یاخود پێکوتەیەکی پەیوەست ڕەت بکەنەوە. ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا دۆخە لە ناکاوە تەندروستییە گشتییەکان دەناسینەوە.
  • برەودان یان داکۆکیکردن لە چارەسەری زیانبەخشی جادوویی بۆ کێشە تەندروستییەکان. ئەمانە ئەو چارەسەرانە دەگرێتەوە کە کردارە پێشنیارکراوەکە، لە سیاقی تەندروستیدا، ئەگەری ئەوەی هەیە ڕاستەوخۆ بەشداری بکات لە مەترسیی جددی یان مردن، هەروەها چارەسەرەکە هیچ بەکارهێنانێکی شیاوی تەندروستیی نییە. (بۆ نموونە: سپیکەرەوە، پاکژکەرەوە، دەرمانی ڕەش، سۆدای سووتێنەر).
III. دەستێوەردان لە دەنگدان یان سەرژمێری
لە هەوڵێکدا بۆ برەودان بە بێگەردیی هەڵبژاردن و سەرژمێری، ئێمە زانیاریی ناڕاست لا دەبەین کە ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ بەشداری بکات لە مەترسی دەستوەردان لە توانای خەڵک بۆ بەشداریکردن لەو پرۆسانەدا. ئەوەش ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
  • زانیاریی ناڕاست دەربارەی ڕێکەوت، شوێن، کات، شێوازی دەنگدان، تۆمارکردنی دەنگدەر یان بەشداریکردن لە سەرژمێری.
  • زانیاریی ناڕاست دەربارەی ئەوەی کێ دەتوانێت دەنگ بدات، شایستەبوونەکان بۆ دەنگدان، ئەوە کە ئاخ دەنگێک دەژمێردرێت، هەروەها ئەوەی کە چ زانیاری یان کەرەستەیەک دەبێت بدرێت تا دەنگ بدرێت.
  • زانیاریی ناڕاست دەربارەی ئەوەی ئاخۆ بەربژێرێک خۆی پاڵاوتووە یان نا.
  • زانیاریی ناڕاست دەربارەی ئەوەی کێ دەتوانێت بەشداری بکات لە سەرژمێری و چ زانیاری یان پێداویستییەک دەبێت فەراهەم بکرێت بۆ بەشداریکردن.
  • زانیاریی ناڕاست دەربارەی تێوەگلانی حکومەت لە سەرژمێرییەکەدا، لە نێویاندا، لە هەر شوێنێک کاری پێ بکرێت، ئەوەی زانیارییەکانی سەرژمێریی کەسێک هاوبەشی پێ دەکرێت لەگەڵ دەزگایەکی دیکەی حکومەت (جگە لە سەرژمێری).
  • بانگەشەی هەڵە و پشتڕاستنەکراوە کە گوایە دامەزراوەی جێبەجێکردنی گومرگ و کۆچبەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بنکەیەکی دەنگدانە.
  • بانگەشەی ناڕاستی ئاشکرا کە گوایە خەڵک تووشی کۆڤید-19 دەبن (یاخود نەخۆشییەکی دیکەی درم) ئەگەر بەشداری بکەن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا.
  • بانگەشەی ناڕاست دەربارەی بارودۆخی هەنووکە لە شوێنێکی دەنگدانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە وا دەکات دەنگدان نەکردە بێت، وەک ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتێکی دەنگدانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
ئێمە سیاسەتی زیاترمان هەیە کە ئامانج لێی ڕووماڵی بانگەوازەکانە بۆ توندوتیژی، برەودان بە بەشداریی نایاسایی، هەروەها بانگەواز بۆ دەستێوەردانی ڕێکخراو لە هەڵبژاردنەکاندا کە نوێنەرایەتیی کراوە لە بەشەکانی دیکەی پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمان.
بۆ ئەم ناوەڕۆکانەی خوارەوە، ئێمە ئەم نیشانە زانیاریبەخشانە دادەنێین:
میدیای دەستکاریکراو
دەشێت میدیا بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز دەستکاری بکرێت. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەو گۆڕانکارییانە بێ مەترسین، وەک ئەو ناوەڕۆکانەی دەبڕدرێن یان کورت دەکرێنەوە بە هۆکاری هونەری یان موزیکیان بۆ زیاد دەکرێت. لە حاڵەتەکانی دیکەدا، دەستێوەردانەکە ئاشکرا نییە و دەکرێت ببێتە هۆی بەلاڕێدابردن.
  • ئەو ناوەڕۆکانەی بەشێوەی دیجیتاڵی دروستکراون یان بە شێوەیەک دەستکاری کروان کە ڕەنگە بەلاڕێدابەربن بۆ ئەو ناوەڕۆکانەی کە بە شێوەی دیکە پێشێلی پێوەرەکانی کۆمەڵگە ناکەن، ڕەنگە ئێمە نیشانەی زانیاریبەخش لەسەر ڕووکاری ناوەڕۆکەکە دابنێین–یان پێشکەشکردنی ناوەڕۆکەکە بۆ ڕیکلام ڕەت بکەینەوە– کاتێک ناوەڕۆکەکە وێنە یان ڤیدیۆیەکی فۆتۆڕیاڵیستیک بێت، یاخود دەنگێکی ڕیاڵیستیکی بێت، کە بە شێوەی دیجیتاڵی دروست کرابێت یان دەستکاری کرابێت و بە تایبەت ناوەڕۆکێک دروست بکات کە مەترسیی زۆر هەبێت ڕای گشتی هەڵبخەڵەتێنێت لەسەر پرسێکی گرنگ بۆ ڕای گشتی.
ئەزموونەکانی بەکارهێنەر
هەندێک نموونە ببینە دەربارەی ئەوەی سەپاندن بۆ خەڵکی لە فەیسبووک چۆن دەردەکەوێت، وەک: چۆن دەردەکەوێت کە هەواڵ لە شتێک بدەیت کە پێت وایە نابێت لە فەیسبووک هەبێت، کە پێت بگوترێت تۆ پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمانت پێشێل کردووە و کە پەیامێکی ئاگادارکردنەوە ببینیت دەربارەی ناوەڕۆکێکی دیاریکراو.
تێبینی: ئێمە هەمیشە لە بەرەوپێشچوونداین، بۆیە ئەوەی تۆ لێرەدا دەیبینیت ڕەنگە کەمێک کۆن بێت بەراورد بەوەی ئێمە ئێستا بەکاری دەهێنین.
ئەزموونی بەکارهێنەر
هەواڵلێدان
ئەزموونی بەکارهێنەر
پەیوەندیکردنی دوای-هەواڵلێدان
ئەزموونی بەکارهێنەر
ئەزموونی سڕینەوە
ئەزموونی بەکارهێنەر
پەیامەکانی ئاگادارکردنەوە
سەپاندن
ئێمە لە سەرتاسەری جیهاندا و بۆ هەموان لەسەر فەیسبووک هەمان سیاسەتی کارمان هەیە.
تیمەکانی پێداچوونەوە
تیمە جیهانییەکەمان کە لە زیاتر لە 15,000 کارمەندی پێداچوونەوە پێک دێت هەموو ڕۆژێک کار دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی لە فەیسبووک بە سەلامەتی بمێننەوە.
بەشداریی خاوەن بەرژەوەندی
پسپۆڕ، کەسانی ئەکادیمی، ڕێکخراوی ناحکومی، سیاسەتداڕێژەرانی دەرەوە هاوکارن لە دەوڵەمەندکردنی پێوەرەکانی کۆمەڵگەی فەیسبووک.
یارمەتی وەربگرە لەبارەی زانیاریی ناڕاست
بزانە دەتوانیت چی بکەیت کاتێک شتێک لەسەر فەیسبووک دەبینیت کە پێچەوانەی پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمانە.
سەردانی ‹ناوەندی یارمەتی›ـمان بکە