ڕێکخراو و کەسە مەترسیدارەکان

وردەکارییەکانی سیاسەت

گۆڕینی تۆمار
پاساوی ڕێسا
وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن و وەستاندنی زیانگەیاندن لە جیهانی ڕاستەقینەدا، ئێمە ڕێگە بەو ڕێکخراو یان کەسانە نادەین کە ئەرکی توندوتیژ ڕادەگەیەنن یان لە توندوتیژیدا بەشدارن، لەسەر پلاتفۆڕمەکانمان ئامادەییان هەبێت. ئێمە ئەم لایەنانە لەسەر بنەمای ڕەفتارەکانیان هەم لە سەرهێڵ و هەم لە دەرهێڵ، لە هەمووشی گرنگتر، پەیوەنییەکانیان بە توندوتیژییەوە، هەڵدەسەنگێنین. بە گوێرەی ئەم سیاسەتە، ئێمە کەس، ڕێکخراو، هەروەها تۆڕەکانی خەڵکی ناودێر دەکەین. ئەم ناودێرکردنانە دابەش دەبن بەسەر دوو پلەدا کە ئاستی سەپاندنی ناوەڕۆک دیاری دەکەن، بە جۆرێک پلەی 1 چڕوپڕترین ئاستی سەپاندن دەگرێتەوە چونکە پێمان وایە ئەم لایەنانە ڕاستەوخۆترین پەیوەندییان بە زیانگەیاندنی دەرهێڵەوە هەیە.
پلەی 1 تیشک دەخاتە سەر ئەو لایەنانەی لە زیانگەیاندنی مەترسیداردا بەشدارن - لەوانە ڕێکخستن یان لایەنگیریکردن بۆ توندوتیژی دژی کەسانی مەدەنی، چەندبارەکردنەوەی ڕەفتاری نامرۆڤانە یان لایەنگیریکردنی زیانگەیاندن بە خەڵکی لەسەر بنەمای تایبەتمەندییە پارێزراوەکان، یاخود بەشداربوون لە کردەی تاوانکارانەی ڕێکخراو. پلەی 1 ڕێکخراوەکانی ڕقی ڕێکخراو؛ ڕێکخراوە تاوانکارییەکان، لەوانە ئەو ڕێکخراوانەی لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەک لایەنە سەرەکییە بەتایبەت ناودێرکراوەکانی قاچاخچێتی بە مادە سڕکەرەکانەوە (SDNTKs) ناودێر کراون؛ هەروەها ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان، لەوانە ئەو لایەن و کەسانەی لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەرەکییەکان (FTOs) یان تیرۆریستە جیهانییە بەتایبەت ناودێرکراوەکان (SDGTs) ناودێر کراون، لەخۆ دەگرێت. ئێمە پیاهەڵدان، پاڵپشتی، هەروەها نوێنەرایەتیکردنی لایەنەکانی پلەی 1 و سەرکردە، دامەزرێنەر، یان ئەندامە دیارەکانیان، هەروەها ئاماژەپێدانی ناڕوون پێیان، لادەبەین.
سەرباری ئەوە، ئێمە ڕێگە بەو ناوەڕۆکانە نادەین کە پیاهەڵدان، پاڵپشتی، یان نوێنەرایەتی ئەو بۆنانە ئەنجام دەدەن کە Meta وەک بۆنە توندوتیژە پێشێلکارەکان ناودێریان دەکات - لەوانە هێرشە تیرۆریستییەکان، بۆنەکانی ڕقی ڕێکخراو، توندوتیژیی فرەقوربانی یان هەوڵی توندوتیژیی فرەقوربانی، کوشتنی زنجیرەیی، یان تاوانەکانی ڕق. هەروەها ڕێگەش نادەین بە (1) پیاهەڵدان، پاڵپشتیکردن، یان نوێنەرایەتیکردنی ئەنجامدەر(ان)ی ئەو جۆرە هێرشانە؛ (2) ناوەڕۆکی بەگەڕخراو لەلایەن تاوانکارەوە پەیوەندیدار بەو هێرشانەوە؛ یان (3) بابەتی وێنەیی لایەنی سێیەم کە تێیدا ساتی ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەو قوربانیانەی لە ناوەڕۆکەکەدا دەردەکەون دەخاتە ڕوو. ئێمە هەروەها ئەو ناوەڕۆکانەش لادەبەین کە پیاهەڵدان، ستایش یان نوێنەرایەتیکردنی ئەو ئایدیۆلۆژیایانە ئەنجام دەدەن کە برەو بە ڕق دەدەن، وەک نازیزم و باڵایی سپیپێست. ئێمە ئاماژەپێدانی ناڕوون بەو بۆنە و ئایدیۆلۆژیا ناودێرکراوانە لادەبەین.
پلەی 2 ئەو بکەرە توندوتیژە نادەوڵەتیانە دەگرێتەوە کە بەشدارن لە توندوتیژی دژی دەوڵەت یان بکەرێکی سەربازیدا لە ململانێیەکی چەکداریدا بەڵام بە مەبەست کەسانی مەدەنی ناکەنە ئامانج. هەروەها ئەو لایەنانەی توندوتیژی دروست دەکەن دەگرێتەوە کە بەشدارن لە ئامادەکاری یان لایەنگیریکردنی توندوتیژیی لە داهاتوودا بەڵام مەرج نییە تا ئێستا بەشدار بووبن لە توندوتیژیدا. ئەمانە ئەو لایەنانەشن کە ڕەنگە چەندبارە بەشدار بن لە پێشێلکاریی سیاسەتەکانمان بۆ ڕەفتاری ڕقئامێز یان کەس و ڕێکخراوی مەترسیدار لە سەر و لە دەرەوەی پلاتفۆڕمەکەمان. ئێمە هەموو پیاهەڵدان، پاڵپشتیکردنی بەرجەستە، هەروەها نوێنەرایەتیکردنێکی ئەم لایەنانە و هەروەها سەرکردە، دامەزرێنەر، یان ئەندامە دیارەکانیان لادەبەین.
ئێمە پەی بەوە دەبەین کە دەکرێت بەکارهێنەران ناوەڕۆکێک هاوبەش بکەن کە ئاماژەپێدانی تێدا بێت بە ڕێکخراو و کەسە مەترسیدارە ناودێرکراوەکان لە سیاقی گوتاری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. ئەمە ئەو ناوەڕۆکانە دەگرێتەوە کە هەواڵ لە کەس و ڕێکخراوە مەترسیدار یان چالاکییەکانیان دەدەن، بێلایەنانە گەنگەشەیان دەکەن یان سەرکۆنەیان دەکەن.
ڕاپۆرتی هەواڵی ئەو زانیارییانە دەگرێتەوە کە هاوبەش دەکرێن بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی بۆنە ناوچەیی و جیهانییەکان کە تێیاندا ڕێکخراو و کەسە ناودێرکراوە مەترسیدارەکان بەشدارن.
  • نموونە «هەواڵی بەپەلە: ئەل-شەباب بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی سۆماڵی گرتە ئەستۆ»
  • نموونە: «شیکاریی کاتبەندی و پسپۆڕییانە: چۆن تەقەکردنەکەی سوپەرمارکێتی بوفالۆ ڕووی دا و ئەنجامدەرەکە لە دادگا چی گوت»
گەنگەشەکردنی بێلایەن لێدوان، سەرنج، پرسیار یان زانیاریی دیکەی ڕاستیگەرانە لەخۆ دەگرێت کە بڕیاردانی ئەرێنی سەبارەت بە ڕێکخراو و کەسە ناودێرکراوە مەترسیدارەکان و هەڵسوکەوتەکانیان دەرنابڕێت.
  • نموونە «ئەلقاعیدە لەچاو داعشدا کەمتر مەترسیدارە بە هۆی نەبوونی سەرکردایەتی و سەرچاوەی داراییەوە»
  • نموونە «ئەندرێس برایڤک نموونەیەکە بۆ پێشاندانی ئەوەی کە دەکرێت پڕۆسەی بەڕادیکاڵکردن چەندێک ئاڵۆز بێت»
سەرکۆنەکردن ئەمانە لەخۆ دەگرێت؛ پەسەندنەکردن، دەربڕینی بێزراوی، ڕەتکردنەوە، ڕەخنەکردن، گاڵتەپێکردن، دەربڕینە نەرێنییەکانی دیکە دەربارەی ڕێکخراو و کەسە ناودێرکراوە مەترسیدارەکان و هەڵسوکەوتەکانیان.
  • نموونە: "قێز لە تاوانەکەی سالڤادۆر ڕامۆس دەکەمەوە". وتەکانی دادوەرەکە لای من زۆر مانادار بوون. نابێت دادگا هیچ بەزەییەکی پێیدا بێتەوە»
  • نموونە: «تاوانەکانی هیتلەر نابێت هەرگیز لەبیر بکرێن. ئەمانە هەندێک لە تاریکترین چرکەساتەکان بوون لە مێژوودا»
سیاسەتەکانمان بە جۆرێک داڕێژراون کە دەرفەت دەداتە ئەم جۆرە گەنگەشەکردنانە لە کاتێکدا هاوکات مەترسییەکانی ئەگەری زیانگەیاندنی دەرهێڵ سنووردار دەکات. هەربۆیە ئێمە داوا لە خەڵکی دەکەین کە بە ڕوونی مەبەستی خۆیان دیاری بکەن کاتێک ئەو ناوەڕۆکانە دروست دەکەن یان هاوبەش دەکەن. ئەگەر مەبەستی بەکارهێنەرێک ئاڵۆز یان ناڕوون بێت، ئێمە پەنا دەبەینە بەر لابردنی ناوەڕۆک.
هاوئاهەنگ لەگەڵ یاسای مافە جیهانییەکانی مرۆڤ، سیاسەتەکانمان ڕێگە بە گفتوگۆکردن دەربارەی مافەکانی مرۆڤی کەسە ناودێرکراوەکان یان ئەندامانی لایەنە مەترسیدارە ناودێرکراوەکان دەدات، مەگەر ئەوەی ناوەڕۆکەکە پیاهەڵدان، پاڵپشتیکردن یان نوێنەرایەتیکردنی دیکەی لایەنە ناودێرکراوەکان یاخود پێشێلکارییەکانی دیکەی سیاسەتەکان لەخۆ بگرێت، وەک هاندان بۆ توندوتیژی.
تکایە سیاسەتی مافە مرۆییەکانی کۆمپانیاـی ئێمە ببینە بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی پابەندبوونی ئێمە بە مافە مرۆییە جیهانییە ناسراوەکان.
ئێمە ئەمانە لادەبەین:
ئێمە پیاهەڵدان، پاڵپشتیکردن، هەروەها نوێنەرایەتیکردنی ڕێکخراو و کەسە مەترسیدارە جۆراوجۆرەکان لادەبەین. ئەم چەمکانە بەسەر خودی ڕێکخراوەکان، چالاکییەکانیان، هەروەها ئەندامەکانیاندا پیادە دەبن. ئەم چەمکانە داکۆکیکردنی ئاشتیخوازانە بۆ دەرئەنجامە دیاریکراوە سیاسییەکان قەدەغە ناکەن.
پیاهەڵدان، وەک هەریەکێک لەمانەی خوارەوە پێناسە کراوە:
  • ڕەوایەتیپێدان یان بەرگریکردن لە کردە توندوتیژ یان ڕقئامێزەکانی لایەنێکی ناودێرکراو لە ڕێگەی بانگەشەکردنی ئەوەی کە ئەو کردانە پاساوێکی ئاکاری، سیاسی، لۆژیکی یان دیکەیان هەیە کە وایان لێ دەکات پەسەندکراو یان شیاو بن.
    • بۆ نموونە «هیتلەر هیچی هەڵەی نەکردووە.»
  • تایبەتمەندکردنی یان خۆشیدەربڕین بۆ توندوتیژی یان ڕقی لایەنێکی ناودێرکراو وەک دەستکەوت یان بەدیهێنانێک.
    • نموونە «حیزبول موجاهیدین شەڕی ئازادی و سەربەخۆیی کشمیر دەباتەوە»
  • لێدوانێکی هاندەرانەی ئەندامێتی یان لێدوانی ئەوەی کە تۆ پێت خۆشە لایەنێکی ناودێرکراو یان ئەنجامدەری بۆنەیەکی توندوتیژی پێشێلکار بیت.
    • نموونە «خۆزگە دەمتوانی بچمە ناو داعشەوە و ببمە بەشێک لە خەلافەتەکە»
ئێمە پیاهەڵدانی لایەن و بۆنە ناودێرکراوەکانی پلەی 1 و پلەی 2 لادەبەین.
بۆ پلەی 1 و بۆنە ناودێرکراوەکان، ڕەنگە ئێمە ئاماژەپێدانە ناڕوون و بێسیاقەکان لابەرین ئەگەر مەبەستی بەکارهێنەر بە ڕوونی دیاری نەکرابێت. ئەمە گاڵتەی ناڕوون، ئاماژەپێدانی ڕووننەکراوە یان ئەرێنی دەگرێتەوە کە پیاهەڵدانی توندوتیژی یان کردەی ڕقئامێزی لایەنە ناودێرکراوەکە ئەنجام نادات.
پاڵپشتیکردن، وەک هەریەکێک لەمانەی خوارەوە پێناسە کراوە:
  • پاڵپشتیی بەرجەستە
    • هەر کردەیەک کە دۆخی دارایی لایەنێکی ناودێرکراو باشتر دەکات – لەوانە ئاڕاستەکردنی پارە بۆ کۆمەڵەیەکی ناودێرکراو یان بە پێچەوانەوە؛
      • بۆ نموونە، «یارمەتیی دارایی KKK بدە!»
    • هەر کردەیەک کە هاوکاریی کەلوپەلی مادی بۆ لایەن یان بۆنەیەکی ناودێرکراو دابین دەکات؛
      • بۆ نموونە، «ئەگەر دەتەوێت پاکەتی هاوکاری بنێریت بۆ سینالاو کارتێل، ئەم ناونیشانە بەکار بهێنە:»
    • وەرگرتنی ئەندام بە ناوی لایەن یان بۆنەیەکی ناودێرکراوەوە؛
      • بۆ نموونە، «ئەگەر دەتەوێت شەڕ بۆ خەلافەت بکەیت، نامەم بۆ بنێرە»
  • پاڵپشتیی دیکە
    • هێنان و بردنی زانیاری و سەرچاوەکان، لەوانە پەیوەندیکردنە فەرمییەکان، بەناوی لایەن یان بۆنەیەکی ناودێرکراوەوە
      • بۆ نموونە، وەرگرتن و دانانەوەی ڕاستەوخۆی وتەی لایەنێکی ناودێرکراو بەبێ نووسینێک کە سەرکۆنەی لایەنەکە دەکات یان بێلایەنانە گەنگەشەی دەکات، یاخود بەشێک نەبێت لە ڕووماڵی هەواڵی.
    • ئەنجامدانی داخوازیی کردار بە ناوی لایەن یان بۆنەیەکی ناودێرکراوەوە؛
      • بۆ نموونە «پەیوەندی بکە بە لەشکری ئەتۆموافن – (XXX) XXX-XXXX»
ئێمە هەموو پاڵپشتییەکی پلەی 1 و پاڵپشتییەکی بەرجەستەی پلەی 2 لادەبەین.
نوێنەرایەتیکردن، وەک هەریەکێک لەمانەی خوارەوە پێناسە کراوە:
  • خستنەڕووی ئەوەی کە تۆ ئەندامی لایەنێکی ناودێرکراویت، یان خۆت لایەنێکی ناودێرکراویت؛
    • بۆ نموونە، «من ئەژدیهای مەزنی KKKـەم.»
  • دروستکردنی پەڕە، پەڕەی کەسی، بۆنە، گرووپ، یان یەکەیەکی تری فەیسبووک کە لایەنێکی ناودێرکراو خاوەندارێتی دەکات یان وا دەردەخات ئەو لایەنە خاوەندارێتی بکات یاخود بە ناوی ئەوەوە بەڕێوە ببرێت، یان بۆنەی لایەنێکی ناودێرکراو بێت یان وا دەردەخات کە وابێت.
    • بۆ نموونە، پەڕەیەک بە ناوی «پارتی نازیی ئەمریکی.»
ئێمە نوێنەرایەتیکردنی ڕێکخراوە ناودێرکراوەکانی پلەی 1 و پلەی 2، لایەن و بۆنە ناودێرکراوەکان لادەبەین.
جۆر و پلەکانی ڕێکخراوە مەترسیدارەکان
پلەی 1: تیرۆریزم، ڕقی ڕێکخراو، چالاکیی تاوانکارانەی بەرفراوان، هەوڵی توندوتیژیی فرەقوربانی، توندوتیژیی فرەقوربانی، کوشتنی زنجیرەیی، هەروەها بۆنە توندوتیژە پێشێلکارەکان
ئێمە ڕێگە بەو کەس و ڕێکخراوانە نادەین کە دەستیان هەیە لە تاوانی ڕێکخراودا، لەوانە ئەوانەی کە لە لایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەک لایەنە سەرەکییە بەتایبەت ناودێرکراوەکانی قاچاخچێتی بە مادە سڕکەرەکانەوە (SDNTKs) ناودێر کراون؛ یاخود دەستیان هەیە لە ڕقدا؛ یان لە تیرۆزیزمدا، لەوانە ئەو لایەنانەی لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەرەکییەکان (FTOs) ناودێر کراون یان تیرۆرستە جیهانییە بە تایبەت ناودێرکراوەکان (SDGTs)، کە لەسەر پلاتفۆڕمەکە ئامادەییان هەبێت. ئێمە ڕێگە بە کەسانی دیکەش نادەین کە نوێنەرایەتی ئەم لایەنانە بکەن. ئێمە ڕێگە نادەین کە سەرکردە یان ئەندامە دیارەکانی ئەم ڕێکخراوانە لەسەر پلاتفۆڕمەکە ئامادەییان هەبێت، ئەو هێمایانەی نوێنەرایەتیان دەکەن بەکار بێن، یان ئەو ناوەڕۆکانەی پیاهەڵدان بە ئەوان یان کردارەکانیان ئەنجام دەدەن، لە نێویاندا ئاماژەپێدانی ناڕوون پێیان. سەرباری ئەوەش، ئێمە هەر پاڵپشتیکردنێکی ئەم کەس و ڕێکخراوانە لادەبەین.
ئێمە ڕێگە بەو ناوەڕۆکانە نادەین کە پیاهەڵدان، پاڵپشتیکردن، یان نوێنەرایەتی ئەو بۆنانە ئەنجام دەدەن کە Meta وەک هێرشە تیرۆریستییەکان، بۆنەکانی ڕقی ڕێکخراو، توندوتیژیی فرەقوربانی یان هەوڵی توندوتیژیی فرەقوربانی، کوشتنی چەند کەسێک، تاوانەکانی ڕق یان بۆنە توندوتیژە پێشێلکارەکان ناودێریان دەکات. هەروەها ڕێگەش نادەین بە (1) ناوەڕۆکێک کە پیاهەڵدان، پاڵپشتیکردن، یان نوێنەرایەتیکردنی ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە هێرشانە ئەنجام دەدات؛ (2) ناوەڕۆکی بەگەڕخراو لەلایەن تاوانکارەوە پەیوەندیدار بەو هێرشانەوە؛ یان (3) بابەتی وێنەیی لایەنی سێیەم کە تێیدا ساتی ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەو قوربانیانەی لە ناوەڕۆکەکەدا دەردەکەون، دەخاتە ڕوو.
هەروەها ڕێگەش بە پیاهەڵدان، پاڵپشتی، یان نوێنەرایەتیکردنی ئایدیۆلۆژیا ڕقئامێزە ناودێرکراوەکان، هەروەها ئاژەپێدانی ناڕوون پێیان، نادەین.
کەس و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، پێناسە دەکرێن بە بکەرێکی نادەوڵەتی کە:
  • بەشدارە لە، داکۆکی دەکات لە، پاڵپشتی بەرچاو دەکات لە کردە ئامانجدار و پلانبۆدانراوەکانی توندوتیژی،
  • دەبێتە هۆی یان هەوڵ دەدات ببێتە هۆی مردن، برینداری یان زیانی مەترسیدار بۆ کەسانی مەدەنی، یان هەر کەسێکی دیکە کە بەشداریی ڕاستەوخۆی نییە لەو دوژمنکارییانەی لە دۆخێکی ململانێی چەکداریدا هەن، هەروەها/یان زیانی بەرچاو بەو موڵکوماڵانەی پەیوەندیدارن بە مردن، برینی مەترسیدار، یان زیانی مەترسیدار بۆ سەر کەسانی مەدەنی
  • بە مەبەستی فشارکردن، بێزارکردن و/یان کاریگەریدانان لەسەر دانیشتوانی مەدەنی، حکومەت، یان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی
  • بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجێکی سیاسی، ئایینی، یان ئایدیۆلۆژی.
لایەنی ڕقئامێز، پێناسە دەکرێت بە ڕێکخراو یان کەسێک کە هانی ڕق دەدات و بڵاوی دەکاتەوە دژی ئەوانی تر لەسەر بنەمای تایبەتمەندییە پارێزراوەکانیان. چالاکییەکانی لایەنەکە لانیکەم بە یەکێک لەم هەڵسوکەوتانەی خوارەوەدا جیا دەکرێتەوە:
  • توندوتیژی، گوتاری هەڕەشەئامێز، یان شێوە مەترسیدارەکانی هەراسانکردن کە خەڵکی لەسەر بنەمای تایبەتمەندییە پارێزراوەکانیان دەکەنە ئامانج؛
  • بەکارهێنانی چەند بارەی وتەی ڕقئامێز;
  • خستنەڕووی ئایدیۆلۆژیا ڕقئامێزەکان یان لایەنە ڕقئامێزە ناودێرکراوەکانی دیکە، و/یان
  • پیاهەڵدان یان پاڵپشتیکردنی لایەنە ڕقئامێزە ناودێرکراوەکانی دیکە یان ئایدیۆلۆژیا ڕقئامێزەکان.
ڕێکخراوە تاوانکارییەکان، پێناسە کراوە بە کۆمەڵەیەکی سێ کەس یان زیاتر کە:
  • لەژێر ناو، ڕەنگ، ئاماژەی دەست یان هێمای ناسراودا یەک خرابن؛ هەروەها
  • بەشدار بووە یان هەڕەشە دەکات کە بەشدار بێت لە چالاکیی تاوانکارانەی وەک مرۆکوژی، بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، یان ڕفاندنەوە.
توندوتیژیی فرەقوربانی و کوشتنی زنجیرەیی
  • ئێمە ڕووداوێک بە توندوتیژیی فرەقوربانی یان هەوڵی توندوتیژیی فرەقوربانی دادەنێین ئەگەر سێ قوربانی یان زیاتری لە یەک ڕووداودا لێ بکەوێتەوە، کە بە مردن یان برینی مەترسیدار پێناسە دەکرێت. هەر کەسێک کە ئەم هێرشەی ئەنجام داوە بە تاوانبار یان تاوانباری هەوڵدەر بۆ توندوتیژیی فرەقوربانی دادەنرێت.
  • ئێمە هەر کەسێک کە دوو کوشتن یان زیاتری ئەنجام دابێت لە چەند ڕووداو یان شوێنێکدا بە بکوژی زنجیرەیی دادەنێین.
ئایدیۆلۆژیای ڕقئامێز
  • لە کاتێکدا ناودێرکردنەکانمان بۆ ڕێکخراو و کەسەکان تیشک دەخاتە سەر هەڵسوکەوتەکان، ئێمە ئەوە دەزانین کە ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕی دیاریکراو هەن کە لە خۆیاندا پەیوەستن بە توندوتیژییەوە و هەوڵ دەدەن خەڵکی ڕێک بخەن لە دەوری بانگەوازکردن بۆ توندوتیژی و بێبەریکردنی ئەوانی دیکە لەسەر بنەمای تایبەتمەندییە پارێزراوەکانیان. لەم حاڵەتانەدا، ئێمە خودی ئایدۆیلۆژیاکە ناودێر دەکەین و ئەو ناوەڕۆکە لادەبەین کە لەسەر پلاتفۆڕمەکەمان پاڵپشتی ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەکات. ئەم ئایدیۆلۆژیایانە ئەمانە دەگرنەوە:
    • نازیزم
    • باڵایی سپیپست
    • نەتەوەگەرایی سپیپێست
    • جوداخوازیی سپیپێست
  • ئێمە هەر پیاهەڵدانێکی ئاشكرا، پاڵپشتیکرنێک، هەروەها نوێنەرایەتیکردنێکی ئەم ئایدیۆلۆژیانە لادەبەین، هەروەها ئەو کەس و ڕێکخراوانەش لادەبەین کە خۆی دەداتە پاڵ یەکێک یان زیاتر لەم ئایدیۆلۆژیا ڕقئامێزانە.
پلەی 2: بکەرە نادەوڵەتییە توندوتیژەکان و ئەو لایەنە توندوتیژی-دروستکارەکان
ئەو ڕێکخراو و کەسانەی لە لایەن Metaوە بە بکەرە توندوتیژە نادەوڵەتییەکان یان لایەنە توندوتیژی-دروستکارەکان ناودێر کراون ڕێگەیان پێ نادرێت لەسەر پلاتفۆڕمەکانمان ئامادەییان هەبێت، یان ئامادەییەکیان هەبێت کە لە لایەن کەسانی ترەوە لەبری ئەوان بەڕێوە دەبرێت. بەوپێیە ئەم لایەنانە چالاکانە بەشدارن لە توندوتیژیدا، دژی دەوڵەت یان بکەرە سەبازییەکان لە ململانێ چەکدارییەکاندا (بکەرە نادەوڵەتییە توندوتیژەکان) یان ئامادەکاری دەکەن یان لایەنگیری دەکەن یان دەبنە هۆی دروستبوونی هەلومەرجەکانی توندوتیژیی داهاتوو (لایەنە توندوتیژی-دروستکارەکان)، پاڵپشتیی بەرجەستەی ئەم لایەنانە ڕێگەپێدراو نییە. هەروەها ئێمە پیاهەڵدانی ئەم لایەنانە لادەبەین.
بکەرە توندوتیژە نادەوڵەتییەکان، بە هەر بکەرێکی نادەوڵەتی پێناسە دەکرێت کە:
  • بەشدارن لە شێوازێکی کردە ئامانجدار و پلانبۆدانراوەکانی توندوتیژیی مەترسیداردا کە حکومەت، سوپا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە دەکەنە ئامانج و بەشداری ڕاستەوخۆ دەکەن لە بەرهەڵسکارییەکانی دۆخێکی ململانێی چەکداریدا، هەروەها بە مەبەست و بە ئاشکرا کەسانی مەدەنی ناکەنە ئامانجی توندوتیژیی مەترسیدار؛ هەروەها/یان
  • کۆمەڵگەکان بێبەش دەکەن لە دەستگەیشتن بە ژێرخانە گرنگەکان یان سەرچاوە سروشتییەکان؛ هەروەها/یان
  • بەشدارن لە شێوازێکی ئەو هێرشانەی مەبەست لێیان زیانگەیاندنی بەرچاوە بەو ژێرخانەی پەیوەست نییە بە مەرگ، برینی سەخت یان زیانی مەترسیدار بە کەسانی مەدەنی.
لایەنە توندوتیژی-دروستکارەکان پێناسە دەکرێن بەمانەی خوارەوە:
لایەنێکی دروستکاری توندوتیژی (گشتی) بکەرێکی نادەوڵەتییە کە:
  • ئامانجی ڕاگەیەندراو یان ئەرکی مەبەستداری خۆیی هەیە بۆ دابینکردنی، لە ڕێگەی توندوتیژییەوە، ئەرکێکی سەپاندنی حکومی ڕێگەپێنەدراو (وەک، پۆلیس، سەربازی، کاروباری کۆچبەری) لەبری، یان سەرباری، خودی حکومەت؛ یان لە ڕێگەی توندوتیژیەوە ئەرکێکی سەپاندنی حکومەت تێکبدات؛
  • بەشدار بووە لە هەنگاوێکی بەرچاودا ڕووەوە ئەو ئامانجە ڕاگەیەندراوە لەسەر پلاتفۆڕمەکانی Meta؛ هەروەها
  • بەشدار بووە لە چەند حاڵەتێکی هەڕەشەکردن یان هاندانی توندوتیژیی مەترسیدار (سەرهێڵ یان دەرهێڵ)؛
لایەنی ڕقئامێزی قەدەغەکراو بکەرێکی نادەوڵەتییە کە:
  • بەشدارە لە ڕەفتار یان گوتاری هەڕەشەئامێزی چەندبارەدا، بەڵام ناگەنە ئاستی لایەنی پلەی 1 چونکە بەشدار نەبوون یان بە ئاشکرا داکۆکیان نەکردووە لە توندوتیژی، یان لەبەر ئەوەی گرێدراویی پێویستیان نییە بەو ڕێکخراو یان کەسایەتییە ناودێرکراوانەی پێشووەوە.
بۆ ئەم پێوەرانەی کۆمەڵگە، ئێمە زانیاری و/یان سیاقی دیکەمان دەوێت تا بیسەپێنین:
  • لە هەندێک حاڵەتدا، ئێمە ڕێگە بە ناوەڕۆکێک دەدەین کە ڕەنگە بە پێچەوانەوە پێوەرەکانی کۆمەڵگە پێشێل بکات کاتێک ئەوە دیاری کراوە کە ناوەڕۆکەکە تەنزئامێزە. تەنها ئەو کاتە ناوەڕۆکێک ڕێگەی پێ دەدرێت کە پێکهاتە پێشێلکارەکانی ناوەڕۆکەکە گاڵتەیان پێ کراوە یان دراوەنەتە پاڵ شتێک یان کەسێکی دیکە بۆ ئەوەی گاڵتەیان پێ بکرێت یان ڕەخنەیان لێ بگیرێت.
ئەزموونەکانی بەکارهێنەر
هەندێک نموونە ببینە دەربارەی ئەوەی سەپاندن بۆ خەڵکی لە فەیسبووک چۆن دەردەکەوێت، وەک: چۆن دەردەکەوێت کە هەواڵ لە شتێک بدەیت کە پێت وایە نابێت لە فەیسبووک هەبێت، کە پێت بگوترێت تۆ پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمانت پێشێل کردووە و کە پەیامێکی ئاگادارکردنەوە ببینیت دەربارەی ناوەڕۆکێکی دیاریکراو.
تێبینی: ئێمە هەمیشە لە بەرەوپێشچوونداین، بۆیە ئەوەی تۆ لێرەدا دەیبینیت ڕەنگە کەمێک کۆن بێت بەراورد بەوەی ئێمە ئێستا بەکاری دەهێنین.
ئەزموونی بەکارهێنەر
هەواڵلێدان
ئەزموونی بەکارهێنەر
پەیوەندیکردنی دوای-هەواڵلێدان
ئەزموونی بەکارهێنەر
ئەزموونی سڕینەوە
ئەزموونی بەکارهێنەر
پەیامەکانی ئاگادارکردنەوە
داتا
نوێترین ڕاپۆرتی سەپاندنی پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمان ببینە
سەپاندن
ئێمە لە سەرتاسەری جیهاندا و بۆ هەموان لەسەر فەیسبووک هەمان سیاسەتی کارمان هەیە.
تیمەکانی پێداچوونەوە
تیمە جیهانییەکەمان کە لە زیاتر لە 15,000 کارمەندی پێداچوونەوە پێک دێت هەموو ڕۆژێک کار دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی لە فەیسبووک بە سەلامەتی بمێننەوە.
بەشداریی خاوەن بەرژەوەندی
پسپۆڕ، کەسانی ئەکادیمی، ڕێکخراوی ناحکومی، سیاسەتداڕێژەرانی دەرەوە هاوکارن لە دەوڵەمەندکردنی پێوەرەکانی کۆمەڵگەی فەیسبووک.
یارمەتی بەدەست بهێنە پەیوەست بە کەس و ڕێکخراوی مەترسیدار
بزانە دەتوانیت چی بکەیت کاتێک شتێک لەسەر فەیسبووک دەبینیت کە پێچەوانەی پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمانە.
سەردانی ‹ناوەندی یارمەتی›ـمان بکە