پێوەرەکانی کۆمەڵگە

پێوەرەکانی کۆمەڵگە ئەوە دەخەنە ڕوو کە چی لەسەر فەیسبووک، ئینستاگرام، مەسنجەر و Threads ڕێگەپێدراوە و چی ڕێگەپێدراو نییە.
پێشەکی
ئەم پێوەرانە لەسەر بنەمای فیدباکی خەڵکی و ڕاوێژی پسپۆڕانی بوارەکانی وەک تەکنەلۆژیا، سەلامەتی گشتی و مافەکانی مرۆڤن. بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەنگی هەموان بەهای بۆ دادەنرێت، ئێمە گرنگییەکی زۆر دەدەین بە دروستکردنی پێوەرەکان بە جۆرێک کە تێڕوانین و باوەڕی جیاواز لەخۆ بگرن، بەتایبەت لەو خەڵک و کۆمەڵانەوە کە بەپێچەوانەوە ڕەنگە بە هەند وەرنەگیرێن یان پەراوێز بخرێن.
هەموو ڕۆژێک، خەڵک فەیسبووک، ئینستاگرام، مەسنجەر و Threads بەکار دەهێنن بۆ هاوبەشکردنی ئەزموونەکانیان، پەیوەستبوون بە هاوڕێ و خێزانەکانیان، هەروەها بونیادنانی کۆمەڵەکانیان. خزمەتگوزارییەکانمان ڕێگە بە ملیارەها کەس دەدەن تا ئازادانە لە نێو وڵات و کولتوورەکاندا بە دەیان زمان گوزارشت لە خۆیان بکەن.
Meta ئەوە دەزانێت کە چەندە گرنگە فەیسبووک، ئینستاگرام، مەسنجەر و Threads ببنە شوێنێک کە تێیدا خەڵکی هەست بە بەهێزبوون بکەن بۆ پەیوەندیکردن، هەروەها ئێمە ڕۆڵی خۆمان بە جدی وەردەگرین لە دوورخستنەوەی بەدڕەفتاری لە خزمەتگوزارییەکانمان. لەبەر ئەمەیە کە ئێمە پێوەرەکان سەبارەت بەوەی چی لەسەر خزمەتگوزارییەکانمان ڕێگەپێدراوە و چی ڕێگەپێدار نییە، پەرە پێ دەدەین.
تکایە تێبینی ئەوە بکە کە وەشانی ئینگلیزی پێوەرەکانی کۆمەڵگە گوزارشت لە نوێکراوەترین دەستەی سیاسەتەکان دەکات و دەبێت وەک بەڵگەنامەی سەرەکی بەکار بهێنرێت.
پابەندیی ئێمە بە دەربڕینەوە
ئامانجی پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمان بریتییە لە دروستکردنی شوێنێک بۆ دەربڕین و پێدانی دەنگێک بە خەڵکی. Meta دەیەوێت خەڵکی بتوانن بە کراوەیی دەربارەی ئەو پرسانە بدوێن کە گرنگە بۆیان، جا گەر لە ڕێگەی سەرنجی نووسراو، وێنە، موزیک، یان ناوەندە هونەرییەکانی دیکەوە بێت، تەنانەت گەر هەندێک کەس ناڕازی بن بەوە یان بەلایانەوە ناپەسەند بێت. لە هەندێک حاڵەتدا، ئێمە ڕێگە بە ناوەڕۆکێک دەدەین—کە بەدەر لەوە پێچەوانەی پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمانە—ئەگەر ناوەڕۆکەکە جێگەی سەرنج بێت و لە بەرژوەندیی گشتیدا بێت. ئێمە تەنها پاش ئەوەی بەهای بەرژەوەندیی گشتی بەرامبەر مەترسیی ڕوودانی زیان هەڵدەسەنگێنین بەم کارە هەڵدەستین، هەروەها ئێمە بۆ ئەم داوەریکردنانە پێوەرە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەبەرچاو دەگرین. لە حاڵەتەکانی دیکەدا، ڕەنگە ئێمە ناوەڕۆکێک لابەرین کە زمانێکی ئاڵۆز و شاراوە بەکار دەهێنێت بەڵام لە ڕێگەی سیاقەکانی دیکەوە تێدەگەین کە ناوەڕۆکەکە پێچەوانەی پێوەرەکانمانە.
پابەندیی ئێمە بە دەربڕینەوە لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام ئێمە دەزانین کە ئینتەرنێت دەرفەتی نوێ و ڕوولەزیاد دروست دەکات بۆ بەدڕەفتاری. لەبەر ئەم هۆکارانە، کاتێک دەربڕین سنووردار دەکەین، ئێمە بۆ خزمەتکردن بە یەکێک لەم بەهایانەی خوارەوە ئەو کارە دەکەین:
متمانەپێکراوی
ئێمە دەمانەوێت دڵنیا بین لەوەی ئەو ناوەڕۆکانەی خەڵک دەیبینن، متمانەپێکراو و ڕەسەنن. ئێمە باوەڕمان وایە کە متمانەپێکراوی ژینگەیەکی باشتر دروست دەکات بۆ هاوبەشكردن، هەر لەبەر ئەمەشە ئێمە نامانەوێت ئەو کەسانەی خزمەتگوزارییەکانمان بەکار دەهێنن بە هەڵە ئەوە بخەنە ڕوو کە کێن یان چی دەکەن.
سەلامەتی
ئێمە پابەندین بەوەی فەیسبووک، ئینستاگرام، مەسنجەر و Threads بکەین بە شوێنی پارێزراو. ئێمە ناوەڕۆکێک لادەبەین کە بکرێک بەشداری هەبێت لە دروستبوونی مەترسییەکی زیانگەیاندن بە ئاسایشی جەستەیی کەسەکان. ناوەڕۆکێک کە مەترسی لەسەر خەڵکی دروست دەکات ئەگەری ئەوەی هەیە ئەوانی تر بێزار بکات، بەدەر بنێت یان بێدەنگ بکات، بۆیە لەسەر خزمەتگوزارییەکانمان ڕێگەپێدراو نییە.
تایبەتمەندێتی
ئێمە پابەندین بە پاراستنی زانیاری و تایبەتمەندێتیی کەسی. تایبەتمەندێتی ئازادی ئەوە دەداتە خەڵکی کە خۆیان بن، ئەوە هەڵبژێرن کە چۆن و کەی شتێک لەسەر خزمەتگوزارییەکانمان هاوبەش بکەن یان ئاسانتر لە پەیوەندیدا بن.
شکۆ
ئێمە باوەڕمان وایە کە هەموو خەڵکی لە شكۆ و مافەکاندا یەکسانن. ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە خەڵکی ڕێز لە شكۆی ئەوانی تر بگرن و ئەوانی تر هەراسان نەکەن یان بەکەمیان نەگرن.
پێوەرەکانی کۆمەڵگە
پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمان بەسەر هەمواندا، لە هەموو جیهاندا و بەسەر هەموو جۆرە ناوەڕۆکێکدا پیادە دەبن، لە نێویاندا ناوەڕۆکی بەگەڕخراو لەلایەن ژیریی دەستکردەوە.
هەر بەشێکی پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەمان بە پاساوی ڕێسا دەست پێ دەکات کە ئامانجەکانی سیاسەتەکە دادەڕێژێت و بە دوایدا سیاسەتی دیاریکراو دێت کە ئەمانە دەخاتە ڕوو:
ئەو ناوەڕۆکەی ڕێگەپێدراو نییە؛
ناوەڕۆکێک کە پێویستی بە زانیاری یان سیاقی زیاتر هەیە کە بەسەریدا بسەپێنرێت، ناوەڕۆکێک کە بە پەیامی ئاگادارکردنەوەوە ڕێگەپێدراوە یان ناوەڕۆکێک کە ڕێگەپێدراوە بەڵام تەنها لە لایەن کەسانی پێگەیشتووی تەمەن 18 ساڵ و بەرەوەسەرترەوە دەتوانرێت ببینرێت.